شرۆڤەکارێکی سیاسی: هەرێمی کوردستان کارتی فشاری زۆری بەدەستەوەیە بەرامبەر بەغدا
"سوودانی لەژێر فشاری زۆر دایە"
K24 – هەولێر
یاسین عەزیز شرۆڤەکاری سیاسی رادەگەیەنێت، محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی فشاری زۆری لەسەرە. ئاماژە بەوەشدەکات: هەرێمی کوردستان کارتی فشاری زۆری بەدەستەوەیە بەرامبەر بەغدا.
لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، یاسین عەزیز گوتی: "ئەو رێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکهێنانی کابینەی سوودانی کرا کە لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، تائێستا هیچ خاڵێکی جێبەجێ نەکراوە، پێش بوونی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دوو جار سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی کورد کۆبووەوە، بەڵێنی پێدان کە پابەندی هەموو رێککەوتنە سیاسییەکان دەبێت، کە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە، بەڵام ئێستا وردە وردە دەردەکەوێت کە چوارچێوەی هەمانگی ئامادەیی تێدا نییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیداریی و سیاسییەکان".
گوتیشی: "دەبوایە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا ببێتە بنەمایەک بۆ پەسندکردنی یاسای بودجە، بەڵام ئەوەش نەکرا، وەک بینیمان بەشێک لەلایەنەکان پاشگەز بوونەوە لە رێککەوتن و بەڵێنەکانیان".
ئەو شرۆڤەکارە، دەڵێت: "محەممەد شیاع سوودانی لاوازە لە جێبەجێکردنی ئەو هەموو بەڵێنەنانە، ئەو لایەنەنانەی کە سوودانیان بەربژێر کردووە، فشاری تەواویان خستووەتە سەر حکومەت و سوودانی، هەفتانە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکان رێنمایی بۆ دەردەچێت و دیارە ئەویش پابەندە، ئەگەرنا بۆچی تائێستا رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکرێت، سوودانی دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێ، بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامانە".
یاسین عەزیز، راشیگەیاند: "پێویستە پێش هەموو شتێک ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکاریانەی لە بەغدا بەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، با کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان وەلا نێن، چونکە هەندێک لایەنی عێراق دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، ئەگەر بۆشیان بکرێت هەر نایهێڵن".
دەشڵیت: "هەرێمی کوردستان کارتی فشاری زۆری بەدەستەوەیە وەک کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، بابەتی گرتنەوەی ئاو، بەکارهێنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ فشار خستنە سەر بەغدا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا دڵنیام کە کاریگەری زۆری دەبێت".
سەبارەت بەوەی ئایا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت، بەپێی یاسا دەسەڵاتەکان بەکاربهێنێ و بۆ ئەوەی چیتر کێشە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت؟ ئەو شرۆڤەکارە جەخت دەکاتەوە: "سوودانی خۆی فاشاری لەسەرە، هەتا پلانی ئەوە هەیە لەم قۆناغەدا سوودانی لە پۆستەکە لاببرێت و جێگرەوەشیان دیاریکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان ئێران پێی گوتون کە ئێستا گۆڕانکاری نەکرێت، چونکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پێشە و دۆخەکە ناسکە، با کاریگەری نەرێنی نەبێت".