حزبەکەی حەلبووسی داوای چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک دەکات
K24 - هەولێر:
حزبی تەقەدووم داوای چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک دەکات بەجۆرێک رەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی لەسەربێت.
حزبی تەقەدوومی سوونەکان کە لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە سەرکردایەتی دەکرێت، راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی دۆخی کەرکووک دووپاتکردەوە، کە جگە لە بازرگانانی قەیران کەس سوودی لێنابینێت.
تەقەدوم جەختی لەوەشکردەوە، پابەندی سەرجەم بەندەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقن کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردراوە و داواش لەسەرجەم لایەنەکان دەکەن پابەندی بنەماکانی پێکهێنانی حکومەت بن.
لەلایەکی دیکەوە، هاویەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر داوای لەسەرجەم لایەنەکان کرد، بەگیانی نیشتمانپەروەریەوە هەڵسوکەوت بکەن و کۆنترۆڵی خۆیان بکەن، پارێزگاری لەفرەچەشنی کەرکووک بکەن و دووربکەونەوە لەوەی خەڵکی سڤیل بکەنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.
ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی کەرکووک و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان رێگای کەرکووک – هەولێریان داخستووە و ئەستەنگی زۆریان بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروست کردووە.
رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر، ئاڵۆزی کەوتەوە و لە کۆتاییدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەژێر فشاردا شوێنەکانیان چۆڵکرد.
لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بۆ کوردستان24، چوار شەهید و 12 بریندار هەن و بە دەیان گەنجی کوردیش لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لە رەشبگیری هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون.