کۆچبەرانی ئەفریقا لە ڕێگەی یەمەنەوە دەچنە وڵاتانی کەنداو بۆ کارکردن

K24 - هەولێر

داتاکانی ئەم دواییەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەفریقاوە بۆ یەمەن نیشانداوە، کە نزیکەی 200 هەزار کەس لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە یەمەن تاوەکو لەوێش بچنە وڵاتانی کەنداو بۆ گەڕان بەدوای کاردا.

بەگوێرەی نووسینگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە یەمەن، ژمارەی ئەو کۆچبەرە ئەفریقییانەی لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتوونەتە یەمەن، 86 هەزار کەس بووە، لە کۆی ئەو 200 هەزار کۆچبەرە ئەفریقیەی یەمەن، لە کاتێکدا ئەمانە بەدوای باندە تایبەتمەندەکانەوە دەگەڕێن بۆ دزەکردن بۆ وڵاتانی کەنداو و گەڕان بەدوای کاردا.

رێکخراوێکی تایبەت بەوکەیسە، کە بەدواداچوون بۆ جوڵەی کۆچبەران و ئاوارەکانی ناوخۆ دەکات، دەڵێت: رۆیشتنی هەزاران کۆچبەر لە ئەفریقاوە بۆ کەناراوەکانی یەمەن پشتڕاست دەکەینەوە، هاوکات ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان لەم ماوەیەدا لە پێنج هەزار کەس تێنەپەڕیوە. رێکخراوەکە کار بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە لە یەمەن گیریان خواردووە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری لە ماوەی ساڵی رابردووی 2022دا یارمەتی پێنج هەزار و 700 کۆچبەری داوە کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە توانیویەتی پێنج هەزار و 631 کۆچبەر بگەڕێنێتەوە کە پێنج هەزار و 572 کۆچبەریان خەڵکی ئەسیوپیان.

مەزەندە دەکرێت 43 هەزار کۆچبەرانی ئەفریقا گیریان خوارد بێت، کە ناتوانن درێژە بە گەشتەکەیان بدەن بەرەو سنوورەکانی یەمەن، ئیتر توانای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی ڕەسەنی خۆیان نەماوە و لە ئێستادا لە بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک مەترسیداردا ژیان بەسەردەبەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی 300 هەزار کۆچبەر سوودمەند دەبن لەو هاوکاری و پاڵپشتییە مرۆییانەی کە رێکخراوەکە بۆ کۆچبەران لە سێ وڵاتی یەمەن، سۆماڵ و جیبۆتی پێشکەش دەکات. ئەو داوای لە کۆمەڵگەی بەخشەرەکان کرد بڕی 58.5 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی بودجەی پلانی کاردانەوەی مرۆیی 2023 تەرخان بکەن، بە مەبەستی بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پشتیوانییەکان بۆ کۆچبەران ناوچەکە.

Fly Erbil Advertisment