بەڕاک: میلیشیاکان هیچ شوێنێکیان لە دامەزراوەکانی عێراقدا نییە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، پێشوازی لە بڕیارەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند گرێبەستێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەبوو، و جەختی کردەوە کە ئایندەی عێراق بۆ گەلەکەیەتی نەک میلیشیاکان.
یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پشتیوانیی واشنتنی بۆ ئەو هەنگاوەی بەغدا دەربڕی و نووسیویەتی: " عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی روون دەنێرێت؛ دەستڕۆیشتوویی و هەژموونی میلیشیاکان هیچ شوێنێکی لە دامەزراوەکانی عێراقدا نییە. ئایندەی عێراق بۆ گەلی عێراقە، نەک بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەوڵەت کار دەکەن. ئەمە سەروەرییە لە کرداردا."
پەیامەکەی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە زەیدی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سێ گرێبەستی سەرەکیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ دەرکرد، بەهۆی بوونی گومانی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە، لە هەنگاوێکدا کە وەک رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ تۆڕە ئابوورییەکانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە باکووری عێراق لێکدرایەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا پاش کۆبوونەوەی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی رائیق حامید موسڵح، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، زەیدی بڕیاریداوە گرێبەستەکانی بەکرێدانی کاونتەرەکان، گەراجی ئۆتۆمبێل و ئۆفیسی تەکسی لە فڕۆکەخانەی مووسڵ هەڵبوەشێنرێنەوە و لە بری ئەوان ئەو خزمەتگوزارییانە بدرێنە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی رێگری لە دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە داهاتی فڕۆکەخانەکە بکرێت.
ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوایین زنجیرەی گرژی و رووبەڕووبوونەوەی نێوان حکوومەتی زەیدی و گرووپە چەکدارەکانە، بەتایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا و سەندنەوەی سەرچاوە داراییەکان لەو هێزانەی لە دەرەوەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەڵسوکەوت دەکەن.