سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا: جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکەین
K24 - هەولێر:
ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئاشکرایکرد، حکومەتەکەی پلانی هەیە (جگەرەی ئەلکترۆنی) قەدەغە بکات.
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بە رادیۆی RTLـی فەرەنسی راگەیاند، دەیانەوێت (ڤەیپ) ئەو جگەرە ئەلیکترۆنیانەی بۆ یەکجار بەکاردێت لە وڵاتەکەیاندا قەدەغە بکەن.
ئێلیزابێس بۆرن ئاماژەی بەوەشدا، جگەرەی ئەلیکترۆنی گرفتێکی گرنگی تەندروستی گشتییە، گوتیشی: حکومەت پلان دادەڕێژێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، لە ساڵێکدا 75 هەزار کەس بەهۆی تووتنەوە گیانیان لەدەستداوە.
بۆرن گوتیشی: خووگرتن بە بەکارهێنانی (ڤەیپ) جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو گەنجاندا، دەبێتە هۆی ئالوودەبوونیان بە تووتن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە 2021 رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووتن و کحول پلانی تۆکمەیان داڕشتووە و، بەڵێنیشیدا تا ساڵی 2030 رێژەی جگەرەکێشان لە وڵاتدا کەمبکاتەوە، بەجۆرێک تا حەوت ساڵی داهاتوو لەنێو گەنجانی تەمەن 20 ساڵدا، جگەرەکێش نەمێنێت.