ئامانج رەحیم: عیراق بڕیاریداوە 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت
K24 - هەولێر
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کە دوێنێ بوو، بڕیاردراوە بە شێوەی قەرز هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید بۆ ماوەی سێ مانگ 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکەن.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کە دوێنێ بوو، بڕیاردراوە بە شێوەی قەرز هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید بۆ ماوەی سێ مانگ 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، دیارە ئەم بڕە پارەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستنیشان کراوە، نە بەوپێوەرەیە کە وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ئینفاقی فعلی حیسابی کردووە، نە ئەو ژمارانەشە کە لەناو خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی عێراقی لەساڵی 2023 تا 2025 دەستنیشان کراوە.
دەشڵێت: لە عێراق مووچەی مانگی 7 و 8 خەرج کراوە، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت بۆ مانگی 7 و 8 تریلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئاماژەی بەوەشکرد. لەدوا کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق، کە لە چوارشەممەی رابردوو، بەسەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەنجامدرا، پێشنیاری هەرێمی کوردستان ئەوەبووە، کە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە لە بابەتی ئینفاقی فیعلی، چونکە سەرەرای ئەو قەیرانانەی لە ساڵی 2014 ەوە تووشی عێراق بووە، مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لەکاتی خۆی دراوە. بۆیە داواکاری شاندی هەرێم ئەوەبووە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، پێویستە ئەو ژمارانەی کە پەسەندکراون لە خشتەی بودجە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان و جیا بکرێتەوە لە خەرجییەکانی تەشغیلی و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر سەیری خشتەی بودجە بکەین ژمارەکان زۆر باشن، 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ مووچە، 9 تریلیۆن و 300 ملیار بۆ فەرمانبەران، هەروەها تریلیۆنێک و 200 ملیار دانراوە بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشین، هەروەها 228 ملیاریش بۆ مووچەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری دانراوە. کەواتە کۆی گشتی دەکاتە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار.
ئامانج رەحیم راشیگەیاند، بۆیە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی مووچە جیا بکاتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، کە لەخشتەی بودجەدا هاتووە.
گوتیشی: لەناو ئەو 10 تریلیۆن دینارە، رێژەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە بە 658 هەزارو 189 فەرمانبەر، بەڵام عیراق ئامادە نییە ئینفاقی فعلی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو ئینفاقی فعلی عێراق.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، عێراق ئێستا کێشەی سویلەی نیە چونکە ئەو سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتەی کە دیاریکراوە رۆژانە هەناردە بکرێت لەیاسای بودجەدا، 400 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستانە، بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار دانراوە، بەڵام لە 1/1/2023 تاوەکو 1/9/2023، نرخی بەرمیلێک نەوت 82 دۆلاربووە، واتە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کۆمپانیای سۆمۆ 12 دۆلار گرانتری فرۆشتووە.
لەکۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: بۆیە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ بەرگری کردن لەو ژمارانەی کەلەناو خشتەی بودجەدا هاتووە، پێشم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەستێت لەسەر ئەو بەرپرسیارەتییەی لەسەر شانییەتی بۆ دابین کردنی مووچەی موچە خۆران.