وەزیری دارایی: ناتوانین بەو 500 ملیار دینارەی بەغدا ناردوویەتی مووچەی هەمووان دابەشبکەین

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو 500 ملیار دینارەی بەغدا بە شێوەی قەرز بۆ هەولێری ناردووە، پێویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕناکاتەوە و ناتوانن لەگەڵ 320 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی مووچەی هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆران دابەش بکەن.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند مانگێک بوو لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق گفتوگۆی دەکرد؛ لەبارەی دابەشکردنی مووچە، داهاتی نانەوتی و چەند پرسێکی دیکە روونکردنەوەی دا.

بە گوتەی وەزیری دارایی و ئابووری، گفتوگۆکانی شاندی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق "ئەنجامێکی ئەوتووی نەبووە، دواتر بەداخەوە هاتەوە سەر ئالییەتی قەرز، بە ئالییەتی قەرزیش کە 500 ملیار دینارمان بۆ دانراوە، پێویستییەکانی ئێمە پڕناکرێتەوە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران پێویستی بە 940 ملیار دینارە. ئاوات شێخ جەناب دەڵێت: "ئێستا داهاتی نەوتمان نەماوە، داهاتی نانەوتیش هەمووی بۆ حکومەتی فیدراڵی هەژمار دەکرێت. ئێمە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیمان هەیە کە بۆ هەموو پێداویستییەکانی هەرێمە، ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، مووچەی هەمووان دابین ناکات".

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی پێ دەدات، دەیەوێت گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامی هەبێت "بۆ ئەوەی ئەو ناحییەقەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت نەمێنێت". ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ هەولێری ناردووە "لێی ڕازی نین، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئینفاقی فیعلی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا دادگاکە وەڵامێکی یاسایی و دەستووری لەسەر ئینفاقی فیعلی کە لە دەستووردا بوونی نییە نەداوەتەوە".  

بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، "حکومەتی عێراق بە پێی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەژمارناکات و هەرێمیان لە نێو پارێزگاکانی عێراقدا دەرکردووە. بۆ ئەوان ئاساییە هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانمان بەرن، بەڵام لە شایستە داراییەکانی ئێمە، حیسابمان بۆ ناکەن و 15 پارێزگاکەی دیکە حیساب دەکەن".  

وەزیری دارایی گوتیشی، خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم لە شەش مانگی رابردوودا، نزیکەی پێنج تریلیۆن بووە، واتا مانگانە دەبووە نزیکەی زیاتر لە 900 ملیار دینار، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، "ئەوەشمان لەگەڵدا ناکەن. هاتوون خەرجییەکانی 15 پارێزگاکەی عێراق، خەرجییەکانی سیادی و حاکیمەی لێ دەردەکەن، ئینجا ئەوەی ئەمێنێتەوە لێکدانی 12.67 دەکەن، پێمان دەڵێن، ئەوە مافی ئێوەیە. بەپێی ئەم خەرجییە راستەقینەیە بێت، مانگانە ئێمە 598 ملیار دینارمان زیاتر بۆ نایەت".

گوتەبێژی حکومەت: ئەولەوییەتی ئەو پارەی بۆ هەرێم نێردراوە بۆ مووچە دەبێت

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستانییەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵیداوە حکومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەڵام ئەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکان، حکومەتی عێراقییە".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئاماژەی پێ کرد: "دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات".

بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی قسەی کردووە "بۆئەوەی لەو پارەیەیی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت بۆ مووچە بێت و رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدات".