شاخەوان عەبدوڵڵا: لەکۆی 30 گەنجی کەرکووک 26ـمان ئازاد کردووە
K24 - هەولێر:
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پرسەی شەهیدێکی خۆپیشاندەکانی رۆژی 2ـی ئەیلوول لە کەرکووک، رایگەیاند، دوێنێ لەکۆی 30 گەنج 26ـمان ئازاد کرد، گوتیشی"بەداخەوە خەڵکێک جورئەتی ئەوەشی نییە پێشمەرگەکانی خۆشیان ئازاد بکات".
شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد: دوێنێ لەکۆی 30 گەنج 26ـمان ئازاد کرد، تەنیا چوار کەس ماونەتەوە، کە گوایە دووانیان دەمانچەیان هەڵگرتووە، بۆ ئەوانیش هەر لەسەر خەتین، راستە بەشێك لە دەستگیرکراوەکان سەربە حزبێکی دیکەن، بەڵام تا ئێستاش لەسەر خەتین بۆئەوەی ئەو چوار کەسەش ئازاد بکرێن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێک سەردانی پرسەی شەهیدەکانی کەرکووکی کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆمەڵێک گەنجی ئێمە بەناحەق شەهید کراون و لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێمان راگەیاند، ئەوەی لە کەرکووک روویداوە، مایەی قبوڵکردن نییە و ناکرێت کۆمەڵێک خەڵکی حەویجە بێنە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک و ئیفتیزازی خەڵکی کورد بکەن و ماوەی چەند رۆژێک رێگاکانیان لێدابخەن، بەبێ ئەوەی حکومەت هیچ هەنگاوێک بنێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: داوامانکرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بێت و هەموو ئەوانەی دەستیان هەیە لە تیرۆرکردنی ئەو گەنجانە، سزابدرێن.
سەبارەت بەو بابەتە، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بەڵێنی پێداوە، لەئاستی باڵا فەرماندەکان دەگۆڕێت و لێکۆڵینەوەی جددی لەم بابەتە دەکەن و قەرەبووی قوربانییەکان دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەدا، باسمان لەوەشکرد کە نابێت هێزێکی دەرەوەی کەرکووک بێتە شارەکە و کوشتار بنێتەوە و خەڵک سزا بدات.
لەبارەی بابەتی دەستدرێژیکردنە سەر جووتیارانی تۆپزاوا و گوندەکانی دیکە، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا، دوای کەیسی خۆپیشاندانەکانی کەرکووک، لە دانیشتنی رۆژی شەممە باس بکرێت و گوتی: دڵنیاتان دەکەمەوە کە بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دەدرێت.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە دوێنێ کاتژمێر پێنجەوە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بابەتی پشکنین لە کەرکووک راگیراوە، تەنیا گەڕان و بەدواداچوون بۆ چەند کەسێک دەکرێت کە لە گوندێکی دەرەوەی کەرکووک هاتوونەتە ئێرە و خۆیان خزاندووەتە نێو خۆپیشاندەران و تەقەیان کردووە.