دژی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان لە دهۆک خۆپیشاندان دەکرێت
K24 - هەولێر:
دژی بڕیار و سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان و شەهیدبوونی هاووڵاتیانی کورد لە کەرکووک، بڕیارە ئەمڕۆ چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکان و خەڵکی پارێزگای دهۆک خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
لەو بارەیەوە مەلا ئەنەس دۆسکی، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک بە کوردستان24ی رایگەیاند، ئامانج لە خۆپیشاندانەکە گەیاندنی پەیامێکە بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا فشارێک لەسەر حکومەتی عێراقی بکەن سیاسەتەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.
دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکان رێگەی سەرەکی هەولێر داخرا و ئاستەنگی بۆ هاووڵاتیانی کەرکووک دروستکرا و سوکایەتی بە ئاڵا و هێماکانی هەرێمی کوردستان کرا، دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک لەرێگەی خۆپیشاندانی هێمنانەوە داوای کردنەوەی رێگەی هەولێر - کەرکووک و پاراستنی شکۆی کوردستانیان کرد.
هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە پێشتر لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا پارێزگارییان لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەکرد، بە گوللـە وەڵامی خۆپیشاندە کوردەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی کورد شەھید بوون و 15 كهسیش برینداربوون.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەموو گفتوگۆ و دانووستانەکان لەگەڵ بەغدا، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە لە حکومەتی عێراقی دەیبینین لە حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنە و تێکەڵکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.