بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک پارێزگاری هەولێر گەیشتە شاری ناشڤیلی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى ئەمڕۆ گەیشتنە شارى ناشڤیلى ویلایەتى تێنسى ئەمەریکا و لە فڕۆکەخانەى ئەو شارە لەلایەن جۆن کوپەر، حاکمی شاری ناشفیل و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل پێشوازیان لێکرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگاری هەولێر، مەبەست لە سەردانەکەى شاندى پارێزگاى هەولێر بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژۆکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل و ئەنجامدانى چەندین دیدار و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حاکمی ناشڤیل وێڕاى لە رێورەسمى پێشوازیکردنەکەدا خۆشحاڵی خۆى بە سەردانەکەی پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى بۆ شارەکەیان دەربڕی و، لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر سوپاسی هەمووانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.

رۆژی 20/5/2023 شاندێکی باڵای شاری ناشفیل بە سەرۆکایەی جۆن کوپەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆرد و سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل سەردانى شارى هەولێریان کرد و دواى دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارى هەولێر و کۆتاییهاتنى سەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەخت و گەڕانەوەیان بۆ ئەمەریکا، ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکەیان بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشك پەسەند كرد.

بە واژووکردنى (رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل) هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەبێتە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤیل لە جیهان و یەكەمین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل، رۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پەوەندیە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت.

زیاتر لە 25 هەزار كورد لە ناشڤیل دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤیل سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی دیکە.