لێدوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسی تایبەت بە وەبەرهێنان و گەشتیاری لە هەولێر سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە، بەغدا دەبێت مانگانە تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم 750 ملیار دینار بنێرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، یاسای بودجە بە نەفەسێکی شۆڤێنی دژی مافەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوە، چونکە لەجێگەی ئەوەی پرۆژەیەکی دارایی بێت بەرگێکی سیاسی بە بەردا کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە تەنها بۆ فەرمانبەران 750 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، جگە لە بودجەی وەبەرهێنان.
سەبارەت بە دۆخی کەرکووک شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەن کە کوردیشیان تێدایە دەیانەوێت لەرێگەی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکانەوە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە لە کەرکووک تێکبدەن و ئەو پەیامەی کوردانی کەرکووک هەیانە نەگات.
لە کۆنفرانسی تایبەت بە وەبەرهێنان و گەشتیاری لە هەولێر، شاخەوان عەبدوڵڵا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە جوانترین وێنەی دیموکراتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیەوە و شانازی پێوەدەکەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان هەلی وەبەرهێنان هەیە و پاڵپشتی و ئاسانکاریی تەواو لەلایەن حکومەت و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە کراوە تا وەبەرهێنەران بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی کوردستان.
دوێنێ گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەموو گفتوگۆ و دانووستانەکان لەگەڵ بەغدا، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە لە حکومەتی عێراقی دەیبینین لە حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنە و تێکەڵکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.