تۆمەتبارێک لە گەرمیان رووبەڕووی پۆلیس دەبێتەوە و کارمەندێک شەهید دەکات

تارق عەبدولخالق، ئەو کارمەندەی لە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارەکەدا شەهید بووە
تارق عەبدولخالق، ئەو کارمەندەی لە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارەکەدا شەهید بووە

K24 - هەولێر:

پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێک کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە تەقەی لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کرد و بەهۆیەوە کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان شەهید بوو.

عەقیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری لە راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، بەیانی ئەمڕۆ سێشەمە مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی ناحیەی زنانە دەچنە گوندی دوڕاجی بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە بەپێی مادەی (431) دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوو.

ئاماژەی بەوەشدا، "تۆمەتبار بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لە مەفرەزەی پۆلیس کردووە و لە ئەنجامدا کارمەندمان (تارق عەبدولخالق مەجید) لەدایکبووی 1972 گوللـەی بەر دەکەوێت و شەهید دەبێت.

عەلی جەمال قدووری باسی لەوەشکرد، گوندی دوڕاجی دەکەوێتە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی سەر بە داعش بۆیە تۆمەتبار لەدوای رووبەڕوبونەوەی لەگەڵ مەفرەزەکەمان بۆ ئەو ناوچانە هەڵهاتووە کە چەکدارانی گرووپی ناوبراو خۆیان تێدا حەشارداوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی گەرمیان، ئێستا تەرمی کارمەندەکە بە مەبەستی توێکاری رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە و مەفرەزەکانی پۆلیسی گەرمیان لە هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتباردان.