زانا مەلا خالید: ئەوانەی حکومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی نەوت رادەستی بەغدا ناکات ئێستا لە کوێن؟

K24 – هەولێر

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرانبەر بە دۆسیەی گەلی کوردستان و کردنەوەی بارەگای پارتی و یاسایی نەوت و گاز و ئەنجامەکانی ریفراندۆمدا، هۆکارگەلێکن دەبێت گەلی کوردستان بزانێت ئەم بڕیارانە لەکوێوە دێت.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24 راگەیاند، ئەوەی روودەدات لە ئێستادا هەم ئەو رووداوەی کەرکووک و هەم ئەوەی لەبەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرانبەر بە دۆسیەی گەلی کوردستان و کردنەوەی بارەگای پارتی و یاسایی نەوت و گاز و ئەنجامەکانی ریفراندۆم کە بڕیاری داوە، ئەوانە هۆکارگەلێکن دەبێت گەلی کوردستان بزانێت ئەم بڕیارانە لەکوێوە دێت و سەرچاوە دەگرن. ئایا پارتی مەترسیە لەسەر مانەوەی عێراقی فیدڕاڵ؟.

گوتیشی: لەکەرکووک بارەگای هێز و لایەنە سیاسییەکان بوونیان هەیە هیچ گرفتی نیە بۆ عێراق، بەڵام بۆ پارتی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک گرفت بۆ عێراق دروست دەبێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پارتی خاوەنی قەزیەی کوردستانیە، هەروەها ئەوانەی دوێنێ حکومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی سازان ناکات و رێک ناکەون لەگەڵ حکومەتی عێراق و نەوت رادەستی سۆمۆ ناکەن، ئەوانە ئێستا لە کوێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە لەهەموو پرەنسیپێک بەدەرە کە خەڵک لەناو هەرێمی کوردستان هەبێت، خۆی بەخاوەنی گەلی کوردستان بزانێت بڵێت، من لە هەڵبژاردن بەشداردەبم و هەروەها بەشداری لەپێکهێنانی حکومەت دەکەم من خەم خۆری خەلکی کوردستانم، دواتریش بانگەشەی ئەوە بکات کە قوڵایی ستراتیژی لەبەغدایە، هەروەها هەموو پیرۆزییەکان کوردستان بفرۆشێت، تاوەکو حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات.

دەشڵێت: ئەم کابینەیەی حکومەت هەر لەیەکەم هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیران بەسەرۆکایەتی شاندێک چوونەتە بەغدا، دەرگای گفتوگۆی واڵا کرد، تاوەکو چەند رۆژێک بەر لە ئەمڕۆش زنجیرەیەک دانیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دا هەبووە، هەروەها گەیشتن بەڕێککەوتن، یاسای بودجە پەسەندکرا، ئەی ئیلتزاماتی حکومەتی عێراقی لەکوێیە.