پەیامنێری کوردستان24: فڕۆکەیەکی تورکیا گوندی بۆکریسکانی لە بناری قەندیل بۆردوومانکرد

شوێنی بۆردوومانەکە - وێنە: کوردستان24
شوێنی بۆردوومانەکە - وێنە: کوردستان24

K24 – رانییە:

فڕۆکەیەکی سوپای تورکیا ئامانجێکی لە گوندی بۆکریسکانی لە بناری قەندیل بۆردوومانکرد و زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیاندووە بەڵام تاوەکو ئێستا لەبارەی زیانی گیانییەوە هیچ زانیارییەک نەخراوەتەڕوو.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکەیەکی تورکیا گوندی بۆکریسکانی لە بناری قەندیل بۆردوومانکردووە کە بەپێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتەوە ئامانج.

لەلایەن خۆیەوە، بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بۆ کوردستان24 بۆردوومانکردنی گوندی بۆکریسکانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا زانیاری ئەوتۆمان لەسەر بۆردوومانەکە نییە و نازانین زیانی گیانی و ماددی چی بووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە سۆشیال میدیا کوردستان24 بڵاوکراتەوە، ئاگرێکی گەورە لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزبووەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو بۆردوومانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەخراوەتەڕوو.

گوندی بۆکریسکان کەوتووەتە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.