دیبەیتی کوردستان24: خۆپیشاندانەکەی دهۆک پەیامی هەموو هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەغدا
K24 – هەولێر:
لە دیبەیتی کوردستان24 سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک، میوانان رایانگەیاند، رێکخستنی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بۆ گەیاندنی پەیامێک بوو بۆ حکومەتی عێراق کە ئیدی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پیشێل نەکات، هاوکات سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک کرد و جەختیان لە پاڵپشتی خەڵکی دهۆک بۆ کوردانی کەرکووک کردەوە.
مەلا ئەنەس دۆسکی، رێکخەری خۆپیشاندان، دلین سەردار، شارەزای سیاسی و هاوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی لە میانەی بەشداریکردنی لە دیبەیتی کوردستان24 لەبارەی پەیامەکانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک. سەرەتا مەلا ئەنەس دۆسکی، رایگەیاند، خەڵکی ئێمە لە شاری دهۆک هەمیشە پابەندن بە یاسا، "کولتوورێکی نەرمونیان لەناو میلەتی ئێمە هەیە، هەروەها دهۆک ئارامترین شارە لە سەرانسەری عێراق".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ هۆکاری ئەم خۆپیشاندانە دروستبوونی هەستێکی نەتەوەیی بوو بەرامبەر براکانمان لە کەرکووک، هاوکات دەنگی گەلی خۆمان گەیەندە سەرجەم لایەنەکان و ئەمە پەیامێکیش بوو بۆ حکومەتی عێراق.
ئەو رێکخەری خۆپیشاندانە دەشڵێت: ئێمە ویستمان ئەمڕۆ دەنگی خۆمان بە شێوەیەکی ئارام بگەیەنین، هەروەها هەندێک لایەن دەیانەوێت پێکەوەژیان لە کەرکووک تێکبچێت.
گوتیشی: ئێمە لە هەموو سەردەمەکان ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە، پێویستە لە عێراق دەستوور ببێتە بنەما لەسەر ئەو بنەمایەش مافی هاووڵاتییانیش پێشێل نەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، هاوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆی دهۆک رەنگدانەوەی جیهانبینی پێکەوە ژیانی کوردستانە.
ناوبارو دەشڵێت: داخوازی ئێمە پەیامێک بۆ لایەنە سیاسییەکان کە یەک دەنگ و یەک رەنگ بن، خاوان یەک پڕۆژەی یەکگرتی نیشتمانی و نەتەوەی بن، داواکاریشە لەلایەنە سیاسییەکان ئامانجی حزبایەتی بکەنە قوربانی ئامانجی نەتەوەیی.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باسی لەوەشکرد، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ با ئارامی دەستی پێکرد و بە ئارامی کۆتایی هات. هاوکات گوتیشی: عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان.
هاوار نێروەیی، ئاماژەی بەوەشدا، لە عێراق 50 ماددەی دەستووری جێبەجێ نەکراوە. ئەوەشی خستەڕوو، رەوشی سیاسی عێراق زۆر نائارامە، هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی دەستوور جێبەجێ دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، دلین سەردار، شارەزای سیاسی، گوتی: دهۆک نمونەی ئاشتی خوازیی و پێکەوژیانە. گوتیشی: خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ یاسایی بوو، هاوکات ئەگەر بە یاسا کار بکەین دەتوانین مافەکانی خۆمان بەدەست بهێنین.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە تەنیا داوا دەکەین مافە یاسایی و سەرەتایەکانی خۆمان بەدەست بهێنین. ئەو شارەزا سیاییە باسی لەوەشکرد، ئێمە شانازی دەکەین بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ دهۆک، چونکە توانیمان لەو رێگەوە پەیامی خۆمان بگەینینە حکومەتی عێراق.
دەشڵێت: دەستێکی دەرەکی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی عێراق هەیە ، کۆمەڵێک لایەنی سیاسی زاڵن بەسەر حکومەتی عێراق.
لەبارەی دادگای فیدراڵیش، دلین سەردار روونیکردەوە، دادگای فیدراڵی هەمیشە دەستوور پێشێل دەکات و بڕیارەکانیشی هەمیشە لە دژی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، (5ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتیی دهۆک لە دژی بڕیارەکانی حکومەتی ئێستای عێراق و رەوانەنەکردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای گشتیی بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـدا هاتووە، خۆپیشاندایان ئەنجام دا.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دواکارییەکانی خەڵکی دهۆک زۆر روون بوون؛ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی دەستووری عێراق کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، بەتایبەت ماددەی 140، ڕەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، چونکە بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا کردوون، بەڵام عێراقە رێککەوتنەکانی جێبەجێ نەکردووە".
ئێوارەی رۆژی شەممە، (2ـی ئەیلوولی 2023)، ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. لە ئەنجامدا خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەرە کوردەکاندا کرد.
لەمیانی خۆپیشاندانەکەی کەرکووکدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.