توێژینەوەیەک: خەڵکی عێراق لە پێشەنگی ئەو گەلانە دێن کە توڕەترینن

K24 – هەولێر

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لەسەر خوێندکاران لە ئەمەریکا و کینیا ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە هەندێک کەس زیاتر توڕە دەبن یان تووشی توندوتیژی دەبن کاتێک لە کەشوهەوایەکی گەرم دادەبن.

لە دوایین راپۆرتی کۆمپانیای نێودەوڵەتی گالوپدا هاتووە و دەڵێت: عێراق لە پێشەنگی ئەو گەلانە دێت کە توڕەترینن، ئەمەش لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ساڵی 2022 هاتووە، لەسەر هەستە جیهانییەکان، کە تایبەتمەندە لە پێوانەکردنی هەستەکان، لەوانەش ئاستی توڕەیی، کە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان ئەنجامدراوە.

بە پێی ئەو راپۆرتەکەی گالوپ، لە لیستی توڕەترین وڵاتەکاندا، لوبنان و عێراق لە پلەی یەکەمدا بوون، لە ئەنجامی راپرسییەکەدا، لوبنان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە راپرسیی هەست و سۆزی نەرێنیدا، تورکیاش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، دواتر ئەرمینیا پلەی سێیەم وعێراقیش پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.

لە لێکۆڵینەوەکەیدا کە ساڵی رابردوو ئەنجام دراوە، ئاشکرا کراوە، گەلی عێراق لە پێشەنگی ئەو خەڵکانەدا دێن، کە زۆر هەست بە دڵتەنگی و گرژی دەکەن. وەک چۆن نزیکەی 51%ی ئەوانەی راپرسییان لەسەر کراوە، گوتوویانە هەست بە هەموو ئەم پێنج هەستە دەکەن لە وڵاتەکەیاندا.

ئەو هۆکارانەی کە عێراقییەکان هەست بەو هەستانە دەکەن بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، بڵاوبوونەوەی تیرۆر و هەژاری.

توێژینەوەکانی پێشووتر دەریانخستووە کە تاوانە توندوتیژییەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژی، هێرشی تیرۆریستی و تەقەکردنی بەکۆمەڵ کاتێک زیاتر دەبێت کە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.

جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە تا ئێستا، چەند جارێك پلەی گەرمی پارێزگاکانی عێراق 50 پلەی سیلیزیان تێپەڕاندووە.

لە توێژینەوەکەی ئەم دواییە، لە کالیفۆرنیا و کینیا تاقیکردنەوە لەسەر دوو هەزار خوێندکار ئەنجامدراوە، که گرووپەکان لە ژوورێکی گەرم و هەندێکی دیکە لەژوورێکی پلە گەرمی مامناوەند دانراون بۆ ئەوەی یاری ڤیدیۆیی بکەن.

لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەوانەی لە ژووری گەرمدا یارییە ڤیدیۆییەکان دەکەن، لەژێر هەندێک مەرجدا، دڕندەترن بەرامبەر بەوانەی کە لە ژوورێکی پلە گەرمی مامناوەند یارییان دەکرد.

بەڵام هاوکاری نووسەری توێژینەوەکە، لە زانکۆی کالیفۆرنیا، ئیان بۆلیگەر دەڵێت: "پلەی گەرما رەنگە هۆکارێکی راستەوخۆی شەڕانگێزی نەبێت، بەڵام لە راستیدا هۆکارێکی چەند هێندەکەرە"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە رووداوەکان لە دەرەوەی ژووری گەرم لە کینیا، هەروەها کاریگەری لەسەر ڕەفتاری خوێندکاران هەبووە.

توێژینەوەیەکی دیکە کە لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی توێژینەوەی ئابووری ئەمەریکاوە لە ساڵی 2021 لە زیندانێکی ویلایەتی میسیسیپی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ئەگەری توندوتیژی لەنێو زیندانییەکان لە رۆژانی گەرمدا بە ڕێژەی لەسەدا 18 زیادیکردووە.