ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشنیازی كۆبوونه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات

K24 - هەولێر:

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازكرا، كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و تاكو راستییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بخرێنه‌روو.

له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه‌: پێشنیازی سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی راستییەکان.

هەروەها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: داوا لە هێز ولایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەند  بن بە مینهاجی وەزاریی و رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت  و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان  بکەن.

له‌ هه‌مانكاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات، کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و  رێککەوتنەکان و رێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.