محەممەد شەهاب: دادگای فیدراڵی بە گوێرەی یاسا کار ناکات
K24 – هەولێر:
پسپۆڕێکی دەستووری رایدەگەیەنێت، دادگای فیدڕاڵی تاک لایەنانە دەستووری فیدڕاڵی پیشێلکردووە و هەمیشە دەستووری لەبەرژەوەندی لایەنێکی سیاسیدا بەکارهێناوە، ناوبراو گوتیشی: نزیکەی 55 بۆ 60 ماددەی دەستووری لەلایەن حکومەتە یەک لەدواییەکەکانی عێراقەوە پێشێل کراوە.
محەممەد شەهاب، پسپۆڕی دەستوور، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لە سەرەتای دروستبوونییەوە پێشێلکاری دەستووری کردووە و زۆر بە سیاسییانە کار دەکات، کاری دادگا یەکلایکردنەوەی راستییەکانە نەک پشتی لایەنێکی سیاسی بگرێت و دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ململانێی سیاسییەکانی پێ یەکلایی بکاتەوە.
هاوکات راشیگەیاند، کاری دادگای فیدراڵی ئەوەیە پارێزگاری لە دەستوور بکات، نابێت دادگا دەستوور دابنێت و نابێت گۆڕانکاری لە دەستوور بکات و بابەتی نوێ بهێنێتە ناو دەستوور، بەڵکو ئەگەر شتێک پێچەوانەی دەستور بوو دەبێت هەڵیوەشێنتەوە.
ئەو پسپۆڕە دەستوورییە ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدراڵی هەر کاتێک ویستبێتی بە دەستووریانە کاری کردووە هەر کاتێکیش نەیویستبێ دەستووری پێشێل کردووە.
محەممەد شەهاب باسی لەوەشکرد، سەرۆککۆماری عێراق وەکو پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، سەرۆککۆمار بە پێی ماددەی 67 لە دەستووری عێراقیدا ئەرکی پاراستنی دەستوورە، بەڵام کاتێک دەبینێت ئەم دادگایە بەردەوام پێشێلکاری لە دەستوور دەکات هیچ هەڵوێستێکی نییە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەستووریان بە دڵی خۆیان جێبەجێ کردووە، دەستووریان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە، هەر کاتێکیش لە بەرژەوەندی خۆیان نەبووە پێشێلیان کردووە، کەسیش نەبووە لەسەری بێتە وەڵام.
هاوکات دەشڵێت: جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە.
ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 55 بۆ 60 ماددەی دەستووری لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە پێشێل کراوە.
رۆژی (5ـی ئەیلوولی 2023)، محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری، بە کوردستان24ـی راگەیاند،بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان سیاسییە و پێچەوانەی سیستەمی دەستوور و سیستەمی فیدراڵییە.
هەروەها راشیگەیاند، مەبەست لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لاوازکردنی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوکات حکومەتی فیدراڵیش بە پێچەوانەی دەستوور بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کاردەکات و هاوکات دەیانەوێت، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن نەک وەک هەرێمێک کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری فیدراڵییە.
ئەو پسپۆڕی یاسایی و دەستوورییە، ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدراڵی ئامرازێکە بەدەست حکومەتی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی مەبەستەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان. باسی لەوەشکرد، ئەو دادگایە بۆ ئەوە دانراوە کە پێشێلی دەستوور بکات و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو ببات.