16 زیارەتکاری ئێرانی بە شەربەتی پرتەقاڵ ژەهراوی بوون
K24 - هەولێر
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، 16 زیارەتکاری ئێرانی لە پارێزگای بابلی عێراق بەهۆی خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵی بەسەرچوو ژەهراوی بوون، ئەمەش دوای لە کەربەلا بەشدارییان لە مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن کرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، "16 زیارەتکاری ئێرانی لە پارێزگای بابلی عێراق بەهۆی خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵی بەسەرچوو ژەهراوی بوون" دواتر بەمەبەستی چارەسەرکردنیان بۆ نەخۆشخانەی سووق ئەلشیوخی پارێزگای زی قار گواستراونەتەوە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ملیۆنان زیارەتکاری شیعە بۆ یادی چلەی ئیمام حسێن، هاتوونەتە عێراق، کە مەراسیمەکەیان لە شەش و حەوتی ئەیلولدا دەگاتە لوتکە.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازە وشکانییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە سەردانی عێراقییان کردووە.