پارێزگاری دهۆک: بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئامێدی جێبەجێکران
K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان، هەرزوو بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئامێدی جێبەجێکران، هەروەها ، زەوی و بڕێک پارەیان بۆ 126 خانەوادە دابینکردووە کە بەهۆی سیاسەتی پەکەکەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بەکوردستان24ی راگەیاند، دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان، هەرزوو بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئامێدی جێبەجێکران، داواکاریی سەرەکی خەڵکی ئامێدی، دروستکردنی گەراجێک (شوێنی وەستاندنی ئۆتۆمبێل) بوو، دوای 48 کاتژمێر لە پێشکەشکردنی داواکارییەکە، بڕیارمان لەسەر دروستکردنی گەراجەکە دا و ئەمڕۆ بەردی بناغەی دروستکردنی گەراجێکی چەند نهۆمی و هۆتێلێک دادەنێین.
راشیگەیاند، زەوی و بڕێک پارەیان بۆ 126 خانەوادە دابینکردووە کە بەهۆی سیاسەتی پەکەکەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون.
راشیگەیاند، ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی هەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە نەتوانراوە تەواوبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر وەک دەبینین ئەمڕۆ لە شێلادزێ نەخۆشخانەیەکی 40 قەرەوێڵەییمان کردەوە، کە ئامێری پێشکەوتووی تەندروستی بۆ دابین کراوە، هەروەها پسپۆری زۆر باشی لێیە و بەسیستەمێکی پیشکەوتووش کاری خۆی دەکات، گوتیشی، گرنگە خەڵکی ئێمە ناچار نەبن بچنە نەخۆشخانەی دهۆک یان هەر نەخۆشخانەیەکی دیکە.
دەشڵێت: ئێمە زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان هەبووە بەڵام لەبەر سیاسەتی پەکەکە نەمانتوانیووە پڕۆژەکان جێ بەجێ بکەین.