پارێزگاری هه‌ولێر بەفەرمى بانگهێشتى حاکمی ویلایه‌تی تێنسی دەکات بۆ هەولێر

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، ئەمرۆ پێنجشەممە، 2023.9.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى تریفە عەزیز، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا و شاندى یاوەرى، لەگەڵ بێڵ لى، حاکمى ویلایه‌تی تێنسى کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، سڵاو و ڕێزى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بە حاکمى ویلایه‌تی تێنسى ئەمەریکا گەیاند و بەفەرمیش وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى حاکمى ویلایەتەکەى کرد بۆ سەردانى کردنى هەولێرى پایتەخت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەلایەن خۆیەوە حاکمى ویلایه‌تی تێنسى ئەمەریکا وێڕاى ئەوەى سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگارى هەولێر کرد، خۆشحاڵى خۆى بە بانگێشتکردنە فەرمیەکە دەربڕى و جەختی لەوە کردەوە، لە ماوەیەکى نزیکدا سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرایەوە و باسى لەدوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتى کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر پشتیوانى ئەمەریکاى بۆ هەرێمى کوردستان و کرانەوەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى و پشتیوانى ئه‌مه‌ریكا لە هێزى  پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژ بە تیرۆرستانى داعش و نه‌هێشتن و له‌ ناوبردنیان ده‌ربڕى و به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئەمەریکاشى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ پێویست زانى لە پێناو سەقامگیربوونی ناوچەکە.