لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نەرویج 32 کورد کاندیدن

K24 - هەولێر:

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نەرویج، کاندیدە کوردەکان ئەمساڵ ژمارەیان 32 کاندیدە لە شارە جیاجیاکان و لەسەر لیستی حیزبە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.

دوو لە کاندیدانی پارتی پارێزگارانی نەرویج کوردن و یەکێک لەوانە کە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، گوتی: ئەگەر دەرچووین بەدڵنییاییەوە کاری باش لە پلانماندا هەیە و کاریگەریمان دەبێت لەسەر بڕیارەکان، هەروەها کاردەکەین بۆ کوردانی نەرویج، بۆ وڵاتی نەرویج و بۆ نەتەوەکەم لە ناوخۆ و وڵاتەکەشم کوردوستان.

دەریا قادر، کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی سارپسبۆرگی نەرویج بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی وڵاتی نەرویج چوار ساڵ جارێک ئەنجام ئەدرێت، لە بەرواری 15ـی هەشتەوە خەڵکی دەتوانن پێشوەخت دەنگ بدەن، بەڵام سندوقەکانی دەنگدان بە فەرمی لە بەرواری 8 تا 11 ی مانگی 9 دەکرێنەوە.

ئێریک سێلێ، سەرۆکی پارتی پارێزگارانی نەرویج بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، دوو کاندیدی کوردمان هەیە، کە هیوادارین لانیکەم یەکێکیان دەربچن.

گوتیشی: نزیکەی 10 ساڵە لەگەڵ کوردان لەسەر دۆزی کورد کار دەکەم، لە ساڵی 2017 سەرپەرشتی تیمێکم دەکرد کە چاودێر بوون بەسەر ریفراندۆمی ساڵی 2017ـی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ریفراندۆمی کوردستان، بە بڕوای سەرۆکی پارتی پارێزگارانی نەرویج ریفراندۆم بڕیارە راستەکە بوو، گوتیشی من بەتەواوی پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم.

ئێریک سێلێ نەیشاردەوە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕانگێزی و توندوتیژییەکی زۆر هەیە و شوێن‌گەلێکی زۆر بوونیان نییە کە کەمینەکان تێیدا پارێزراو بن، بەڵام گوتیشی: کەمینەکان، بەتایبەتی برا مەسیحییەکانمان لە کوردستان لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزراون.

ئێریک سێلێ باسی لەوەشکرد، چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە و کوردەکان خۆشەویستن لەلای ئەو.