کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سیستەمی دەنگدانی ئاوارەکانی یەکلاییکرده‌وە

K24 – هەولێر:

ئەو ئاوارانەی کە دانیشتووی کەمپەکانن لە ناو کەمپەکان وێستگەی دەنگدانیان بۆ دەکرێتەوە و ئەوانەشی لە دەرەوەی کەمپەکان دەبێت بگەڕێنەوە پارێزگاکانیان بۆ دەنگدان، ئەمە نیگەرانی لای ئاوارەکان دروست کردووە، بەجۆرێک میکانیزمی ئاسانکاری بۆ رۆژی دەنگدان دیارینەکراوە، لە کاتێکدا بەشێکیان بەھۆی خراپی بارودۆخی ئەمنییەوە ناگەڕێنەوە.

یاسر حوسێن، ئاوارە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە چووین ناومان تۆمار کردووە گوتویانە لێرە وێستگەی دەنگدانمان بۆ دەکەنەوە، بەڵام ئەو خزم و کەسوکارانەمان کە لە دەرەوەی کەمپن ناتوانن لێرە دەنگ بدەن، ئێستا ئەمە گرفتەکە نییە،  کێشەکە ئەوەی تا ئێستا ھیچ ڕێگەیەکیان بۆ دیارینەکردوین کە چۆن دەنگ بدەین بەتایبەت خزم و  کەسوکارمان چۆن بگەڕێنەوە،  پێویستە ھۆکاری گواستنەوەیان بۆ دابین بکرێت، چونکە ئێمە لە ناوچەکانمان شوێنی مانەوەمان نەماوە". 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماری دەنگدانی ئاوارەکانی داخستووە، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە کۆی شەش کەمپی ئاوارەکان  زیاتر لە شەش ھەزار و 500 ئاوارە ناویان لە بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان تۆمار کراوە.

لەلایەن خۆیەوە، بۆتان جاف، بەڕێوەبەری گشتی تەکنیکی لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لقی ھەولێر، گوتی: "لە سنووری هەموو پارێزگای هەولێر شەش هەزار و 500 کەسمان لەناو کەمپەکان تۆماری بایۆمەتریمان بۆ ئەنجامدان، لەناو شاریشدا دەنگدەرانی شنگال نزیکەی دوو هەزار کەسمان بایۆمەتری کرد، لە رۆژی دەنگدان وێستگەکان لە کەمپەکان دەکرێتەوە".

نزیکەی 600 ھەزار ئاوارە لە سنوری ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون کە لە %30ـی لە ناو کەمپەکان نیشتەجێن، ئەوانەشی نیشتەجێی شارەکانن و لە بەر خراپی بارودۆخی ئەمنی و كەمی خزمەتگوزاری نەگەڕاونەتەوە دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان، بە بێ ئەوەی حكومەتی عێراق ھیچ ئاسانكارییەك بۆ گەڕانەوەیان بكات.