شوان محەممەد: عێراق نایەوێت ئارامی لە کەرکووک بەرقەراربێت
K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی کەرکووکی حزبی زەحمەتکێشان، ئاماژەی بەوەدا، فشارێکی سیاسی و بەرنامە بۆ دارێژڕاو بەرامبەر بە کورد دەکرێت، هاوکات گوتیشی: بە سەربازگەکردنی کەرکووک لاوازی حکومەتی عێراق نیشان دەدات، بەهۆی ئەوەی بە چەند پەیامێکی سۆشیال میدیا رژانە سەر شەقامەکانی کەرکووک.
شوان محەممەد، بەرپرسی لقی کەرکووکی حزبی زەحمەتکێشان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو ئەو فشارانەی کە لەسەر ئاستی بەغدا و لەسەر ئاستی کەرکووک دەکرێتە سەر کورد، هەموویان بریتین لە پاکێجێک بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر کۆی پرسەکان ئەنجامدرابوو، بەڵام بەغدا پابەند نەبوو بە رێککەوتنەکان و سەرجەمی پێشێل کرد.
هەروەها راشیگەیاند، فشارێکی سیاسی و بەرنامە بۆ دارێژڕاو لەلایەن بەغداوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، کە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، لەوەش زیاتر ئەم فشارە بەشێکە لە پلانی هەرێمی کە وڵاتانی دراوسێ دەستیان تێدایە و پاڵپشتی ئەم فشارە دەکەن.
لەبارەی دۆخی کەرکووک، بەرپرسی لقی کەرکووکی حزبی زەحمەتکێشان، گوتی: بە سەربازگەکردنی کەرکووک لاوازی حکومەتی عێراق نیشان دەدات، نیشانەی ئەوەیە ئەم حکومەتە هیچ بڕوای بە لایەنی ئەمنی خۆی نییە لەبەرامبەر چەند پەیامێکی ناو سۆشیال میدیا ئەمرۆ ئەو رێژە زۆرەی سەربازەی بڵاوەپێکردووە لە شاری کەرکووک، ئەگەر ئەم حکومەتە لە پێشوودا نیوەی ئەم جووڵەیەی بە سوپاکەی کردبا، نەیدەهێشت داعش بەو ژمارە چەکدارە کەمە بێن ناوچەی جوگرافیا لە حکومەتی عێراق بگرن.
گوتیشی: ئەو بڵاوەپێکردنەی سوپای عێراق لە کەرکووک، پەیامێکە بۆ کورد کە مەبەستیانە ئیدی بڵێن خۆپیشاندان بکەیت دەستگیرت دەکەن، بجوڵێیەوە دەستگیر دەکرێی، ئەوە ئەمڕۆ کرا دیاردەیەکی زۆر ناشرین بوو.
شوان محەممەد، روونیکردەوە، کورد لە کەرکووک ئەگەر مافەکانی پێشێل نەکرێت و بەپێی قەبارەی خۆی رێزی لێبگیرێت و گەنجەکانی شەهید نەکرێت، هەرگیز خۆپیشاندان ئەنجام نادات، دەوڵەتی عێراق نایەوێت ئارامی لە کەرکووک بەرقەراربێت.
بەرپرسی لقی کەرکووکی حزبی زەحمەتکێشان، باسی لەوەشکرد، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی کورد لە کەرکووک تەواو ئاڵۆز بووە، هەروەها "هەموومان لە کەرکووک مافی خۆمانە خۆپیشاندان بکەین دژی ئەم بە بەعسیکردنەی کەرکووک و دژی ئەم هەموو غەدرەی لە کورد دەکرێت".
رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.
لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
ماوەی شەش رۆژە، هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی فراوان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لای هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە دروستکردووە.
هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک لەماوەی رابردوو رەشبگیریان ئەنجامدا و ژمارەیەک لە گەنجی کوردیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، هەروەها لەو خاڵە پشکینیانەی لە سەر شەقامە گشتییەکان و ناو گەڕەکە کوردنشینەکان دایانناوە، ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە.