سبەی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەکرێت
K24 - هەولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، سبەی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکی ئەمڕۆی وەزارەتى خوێندنى باڵادا هاتووە، رۆژى شەممە رێکەوتى 9ـی 9ـی 2023 سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت و ئەوانیش دەتوانن داواکارى بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى زانکۆلاین پێشکەش بکەن.
سەبارەت بە ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) ئاماژە بەوەدراوە، بە هەمانشێوە بۆ سەرجەم دەرچووانى ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادە کراوە و ئاڕاستەى وەزارەتى پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ئەزمونەکان کراوە بۆ ئەوەى ئەم دەرچوانەش بتوانن بچنە نێو سیستمى زانکۆلاین.