ئومێد خۆشناو: دەمانەوێت لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ناشڤێل بەرەوپێش بچن
K24 - هەولێر:
هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پهره به پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن و پارێزگاری هەولێریش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژووری بازرگانی ناشڤێل دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندیکی بازرگانی ئەمەریکا سەردانی هەریمی کوردستان دەکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە چەند رۆژێکە بە یاوەری شاندێک لە ناشڤێلی ئەمەریکایە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و ناشڤێل ئامانجمانە لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شارەکە بەرەوپێش بچن، یەکێک لەو بوارانەی کە زەمینەیەک خۆش دەکات و بەسوودی هەردوولامانە، ئەویش هاوبەشییە لە کاری بازرگانی و وەبەرهێنان.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئێمە شاندێکی ئەوانمان بانگهێشتی هەولێر کردووە، بۆئەوەی هاوبەشییەک لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر دروست ببێت، ئەمەش پەیوەندییەکان دەخاتە قۆناغێکی دیکە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگاری هەولێر، مەبەست لە سەردانەکەى شاندى پارێزگاى هەولێر بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژۆکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل و ئەنجامدانى چەندین دیدار و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.
زیاتر لە 25 هەزار كورد لە ناشڤیل دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤیل سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی دیکە.
بەشێك لەو کوردانەی دانیشتووی ناشڤیل و خاوەن کارن، خواستی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نیشانداوە.