دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ده‌بێت حكومه‌تی عێراق دادپه‌روه‌ری بەرامبەر به هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بكات

K24 - هەولێر:
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ په‌یامێكی سه‌باره‌ت به بارودۆخی فەرمانبەران و پرسی مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، مووچە و شایستە داراییەکان مافێکی دەستووری و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و ده‌بێت حكومه‌تی عێراق دادپه‌روه‌ری بەرامبەر به هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بكات.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 8ـی ئه‌یلوولی 2023) دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به بارودۆخی فەرمانبەران و پرسی مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه و تێیدا نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به نه‌ناردنی مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه ده‌ربڕیوه و راده‌گه‌یه‌نێت، ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەران دابەش نەکراوە، كه ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک و بازاڕ دروست کردووە و ژیانی مووچەخۆرانی قورس کردووە، کە مافێکی ئاسایی خۆیانە لە بەرامبەر ئەو ئەرک و خزمەتەی پێشکەشی دەکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه پێیان وایه پابەندبوون بە دەستوور و رێكکەوتنەکان سەرچاوەی گرنگن بۆ گەیشتن بە رێكکەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها به پێویستی ده‌زانێت، دادپەروەری بەرامبەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت و ناکرێت هاووڵاتییان و مووچەخۆران ببنە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە رێکنەکەوتنی لایەنەکان و جیاوازییەکان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه، مووچە و شایستە داراییەکان مافێکی دەستووری و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بە روونی لە ماددەی 14ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، باس لە یەکسانی هەموو هاووڵاتییانی عێراقی کراوه کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ناکرێت بەو جۆرە ژیانی خەڵک زیاتر قوڕستر بکرێ کە ئاکامەکانی رۆژانە خراپتر و کاریگەتر دەبن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هیوای خواستووه، حکومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت وەک چۆن لە یاسای بوودجەی گشتیدا هاتووە.
هه‌روه‌ها ده‌سته‌كه پشتگیری خۆی بۆ گفتوگۆ و دانیشتن و پشت بەستن بە دەستوور و لێک تێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان كردووه.