فەرحان جەوهەر: گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان سیاسین

K24 – هەولێر:
چاودێریکی سیاسی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، لە بەرامبەردا بەغدا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، گوتیشی: بەغدا دادگای فیدڕاڵی تووشی عەیبەیەکی گەورە کرد.
فەرحان جەوهەر، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەو رێکەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکرد و لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان سیاسین.
هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بەغدا مەبەستییەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکات، هەروەها مەبەستیان شکاندنی ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەم گوشارانەی وڵاتانی دەوروبەر کە لەسەر عێراق هەیە، ئەوانیش دەیانەوێت کۆی گوشارەکان بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و لاوازی بکەن.
ناوبراو راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەتی عێراق دەیەوێت کابینەکەی سەرکەوتوو بێت و دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام سەرۆکی حکومەتی عێراقیش کوتووەتە ژێر گووشاری ئەو لایەنە سیاسییانە، کە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە وڵاتانی دراوسێیەوە هەیە.
ئەو چاودێرە سیاسییە روونیکردەوە، سوودانی کاتێک بڕیاریدا بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک رادەستی پارتی بکرێنەوە، بەڵام بڕیارەکەی رۆژێکی نەخایاند بەهۆی گوشارەکان بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و هەروەها دادگای فیدراڵیشیان لەسەر ئەو پرسە هێنا سەر هێل و دژی هەرێمی کوردستان و پارتی بڕیاریاندا، بەمهۆیەوە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان وەستاند.
رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی پارتی لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای هێزەکانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبییە شۆڤێنییەکانی شارەکە لێکەوتەوە.
هەروەها رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریدا بە راگرتنی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.
فەرحان جەوهەر، دەشڵێت: بەغدا دادگای فیدڕاڵی تووشی عەیبەیەکی گەورە کرد.
پیشتریش، محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دادگای فیدراڵی هەموو بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانە و هەموو بڕیارەکانیشی سیاسییە و دەستووری نییە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدابوو، تا دادگای فیدڕاڵی مابێت هەرێمی کوردستان خێر لەخۆی نابینێت.
هەروەها راشیگەیاندبوو، مەبەست لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لاوازکردنی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوکات حکومەتی فیدراڵیش بە پێچەوانەی دەستوور بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کاردەکات و هاوکات دەیانەوێت، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن نەک وەک هەرێمێک کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری فیدراڵییە.