عەبدولسەلام بەرواری: دەوڵەتی عێراق بڕوای بە فیدڕاڵی نییە
K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبووە، هاوکات دەڵێت، دەوڵەتی عێراق بڕوای بە فیدڕاڵی نییە، بۆیە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەردەوام بەرەو مەرکەزیبوون هەنگاو دەنێن.
عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، بەردەوامبوونی گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان سیاسەتێکە کە لێکەوتەکانی لە دوای سێ بۆ چوار ساڵی دوای ساڵی 2005 بەدیار کەوت، کە وایکردن سەرۆک بارزانی لە ساڵەکانی 2010 و 2011 بڵێت، "مەترسی گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن دەبینم لە عێراق".
هەروەها راشیگەیاند، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەمیشە پابەندی رێککەوتنەکان نەبوونە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەمیشە مافەکانی هەرێمی کوردستانیان پێشێل کردووە، هۆکارەکەش زۆر جار بۆ دەستوەردانی دەرەکی دەگەڕێتەوە کە نایانەوێت هەرێم و بەغدا پەیوەندییەکانی نێوانیان باش بێت.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: عێراق هەمیشە بەرەو مەرکەرزی بوون هەنگاو دەنێت.
عەبدولسەلام بەرواری، روونیکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی دەخوازێت بەغدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام بەهۆی فشاری لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ هەمیشە ئاستەنگیان بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە بووینەتە قوربانی سیاسەتە هەڵەکانی عێراق، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بارودۆخی ئێستا و هەندێک لایەنی ناوخۆیی هاوکار نەبوون بۆ ئەوەی لە عێراق رزگاربین و ببینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، بۆیە بە ناچارەی لە چوارچێوەی عێراق ماوینەتەوە.
رۆژی (4ـی ئەیلوولی 2023)، دانا جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی لە عێراق رێککەوتنی سیاسی فێلبازانەیە و تەنیا دەیانەوێت بە هەر هۆکارێک بێت کات بکوژن و نییەتی جددییان نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هەروەها راشیگەیاند، ئەوانەی لە پشتی پەردەوە حکومەتی عێراقی بەڕیوەدەبن، دەیانەوێت تۆڵە لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، جەختی لەوەشکردەوە، فشار لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکان.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: حکومەتی عێراق نەیتوانی لە رێگەی هێزەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات، ئێستا دەیەوێت لە رێگەی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.