میدیای فەرمی مەغریب: تا ئێستا 632 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر

میدیای فەرمی مەغریب رایدەگەیەنێت، تا ئێستا بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ وڵاتەکەی هەژاندووە، 632 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، میدیای فەرمی مەغریب لە زاری وەزارەتی ناوخۆی ئەوە وڵاتە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ مەغریبی هەژاندووە، 632 کەس گیانیان لەدەستداوە و 329 کەسی دیکەش بریندارن.

هاوکات پەیمانگەی جیۆلۆجی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بوومەلەرزەکە بە 7.2 پلەی رێختەر روویداوە و بەهێزترین بووە لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا.

لەلایەن خۆیەوە ناوەندیی رووپێوەی جیۆلۆجی ئەمەریکی ئەوەی خستەڕوو، چەقی بوومەلەرزەکەی مەغریب شاری مەڕاکش بووە و بە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە.