دژەتیرۆری کوردستان زانیاری لەبارەی بۆردومانەکەی ماوەت ئاشکرا دەکات

"فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج"

K24 – هەولێر

دژەتیرۆری کوردستان زانیاری لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی قەزای ماوەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و چەکدارێکیش بریندار بوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 9ی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 10:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە دەوروبەری گوندی باساوێ لە قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و، بەهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

پێشتر کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "بەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، گوندی باساوێ لە سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و، تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە".

Fly Erbil Advertisment