هیومان رایتس وۆچ: هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کەرکووک کردووە

خۆپیشاندان لە کەرکووک
خۆپیشاندان لە کەرکووک

K24 - هەولێر

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 2ـی ئەیلوولی 2023دا، بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کەرکووک کردووە، کە بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون و 16ی دیکەش برینداربوون.

سارا سەنبەر، توێژەری عێراق لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "حکومەتی عێراق بەردەوام وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی بە بەکارهێنانی هێز و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان داوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت کە ببێتە هۆی لێپرسینەوە لەو کارانە.

گوتیشی: "وەڵامی ئاسایی حکومەتی عێراق بۆ حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران، کردنەوەی لێکۆڵینەوەیە، بەڵام ئەنجامەکەی چی دەبێت؟، ئەم دوایین لێکۆڵینەوەیە پێویستە پێوەرێکی نوێ و باشتر دابنێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان".

گرژی و ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە سەریهەڵدا کە سەرۆکوەزیرانی عیراق محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانیدا بە گەڕانەوەی باڵەخانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ حزبەکە، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێک بووە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

رۆژی 28ی ئاب، خۆپیشاندەرانی عەرەب و تورکمان لە بەردەم بارەگای پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆپیشاندانەکاین رێکخست و داوایان کرد رادەستکردنی باڵەخانەکە رابگیرێت و رێگری لەو حزبە بکرێت کە کارەکانی لە کەرکووک دەستپێبکاتەوە، خۆپیشاندەران خێمەیەکیان داناوە و رێگای سەرەکی نێوان کەرکووک – هەولێریان داخستووە، بەو هۆیەشەوە جموجۆڵی نێوان کەرکووک و ناوچەکە پەکخرا.

گرژییەکان بە هاتنی دژە خۆپیشاندەرانی کورد پەرەی سەند، بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی و کوشندە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

شایەتحاڵەکان بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، رەنگە لە وەڵامی بەردبارانەکانی خۆپیشاندەران بوبێت بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا.

لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەرێکی کوردە لە کەرکووک، کە چاوی بە کەسوکاری قوربانییەکان کەوتووە، رایگەیاندووە، ئەو چوار کەسەی کوژراون کوردن، هەروەها دوو کارمەندی ئەمنی عێراقیش لە تێکهەڵچوون لەگەڵ خۆپیشاندەران برینداربوون، فەرەج بۆ هیومان رایتس وۆچ گوتی: یەکێک لە کوژراوەکان چەکدارێکی دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی کورد بووە. هیومان رایتس وۆچ هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی پێگەیشت کە رووماڵی ناڕەزایەتییەکان دەکەن، بەڵام نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە کە چەند کەسن.

دوابەدوای سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان لە 2ـی ئەیلوول، سوودانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە توندوتیژی کەم بکەنەوە و سەقامگیری کەرکووک بپارێزن، قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 48 کاتژمێر بسەپێنن. هەروەها پێکهێنانی لیژنەییەکی لێکۆڵینەوەی کرد بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی خۆپیشاندەرانیان کوشتووە و برینداریان کردوون.

هەژار رەمەزان، کوردێکی دانیشتووی شاری کەرکووک بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند: براکەم، هاوکار عەبدوڵڵا رەمەزان، تەمەن 38 ساڵ و باوکی چوار منداڵ، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا لە کەرکووک بە شێوەیەکی کارەساتبار گیانی لەدەستداوە، بە دوو فیشەک کە لەسەر دڵیان داوە کوژرا، تاکە تاوانیشی ئەوە بوو کە بە شانازییەوە ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند، دوای توندوتیژییەکان تیمەکەی بانگهێشتنامەیەکیان لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە بارەگاکەیان لە کەرکووک ئامادەبن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پابەندنەبوونمان هەڵبژارد، کارمەندەکانمان لە ساڵی 2017ەوە رووبەڕووی چەندین حاڵەتی هەراسانکردن بوونەتەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکانەوە لە کەرکووک.

ڕۆکان مەحموود جاف رۆژنامەنووسێکی کوردە بە هیومان رایتس وۆچی گوت: هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کاتی رووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان تەقەیان لە قۆڵی کردووە، کاتێک هێزەکانی دژەتیرۆر بەبێ ئاگادارکردنەوە دەستیان بە تەقەکردن کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنیازە سکاڵایەکی فەرمی لەسەر هێزەکانی دژە تیرۆر تۆمار بکات، و پێشتریش ئیفادەی خۆی پێشکەشی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکی حکومەت کردووە.

لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەدا، دادگای باڵای عێراق فەرمانی سوودانی بۆ رادەستکردنی باڵەخانەکە بە پارتی دیموکراتی کوردستان راگرت، لە بڕیارێکدا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم بە "گاڵتەجاڕی"  ناوی برد.

رۆژی 3ی ئەیلوول، سوودانی دووپاتی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک بە توندی پابەندن بە پاراستنی مافی کەرکووکییەکان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازادی رادەربڕین و ژینگەیەکی ئارام.

لە ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا داوا دەکات دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە لە رێگەی ریفراندۆمەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 نەنراوە.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە رابگەیەنێت و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هەڵەکردن، لەو شوێنانەی بەڵگە هەیە، لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن.

Fly Erbil Advertisment