دادگای فیدراڵی داوایەکی دیکەی نەوەی نوێ رەتدەکاتەوە
K24 – هەولێر:
دادگای فیدراڵی داوایەکی دیکەی نەوەی نوێی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ناوەڕۆکی داواکەیان لە تایبەتمەندی دادگاکەیاندا نییە و ئەمەش دەبێتە حەوتەمین داوای نەوەی نوێ لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتدەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) دادگای فیدراڵی داوایەکی رەتکردەوە کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێوە لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو، لە ناوەڕۆکی وەڵامەکەشدا، دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، ناوەڕۆکی ئەو جۆرە داوایانە لە تایبەتمەندی کاری ئەواندا نییە.
پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە ساڵی 2022، سێ داوایان بە ژمارەکانی (27، 156، 160) تۆمارکردووە و لەمساڵیشدا بە ژمارەکانی (72، 109، 123، 134) چوار داوای دیکەیان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەموو داواکانیان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتکراوەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، شارەزایەتی یاسایی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کارانەی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگای فیدراڵی کە لە تایبەتمەندی ئەو دادگایە نییە، بۆ نەبوونی شارەزاییان لە رێکارە یاساییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دادگاکان دەگەڕێتەوە و ئەگەر کەمێک شارەزاییان لە یاسا و دەستووردا هەبێت، بەو شێوەیە داوایەک تۆمارناکەن پەیوەندی بە دەسەڵات و تایبەتمەندی دادگاوە نەبێت.
ئەو شارەزا یاساییە باسی لەوەشکردووە، "ئەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا دەیکات، یارییەکی پۆپۆلیستییە و هیچ بەهایەکی یاسایی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە".
هەرچەندە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ و حکومەتی فیدراڵی پابەندنییە بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بەڵام بەشێک لە نوێنەرانی هەندێک لایەنی کوردی لە بەغدا، لەبری هەوڵدان بۆ پشتگیریکردن لە دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان، لە دۆخی ئێستاشدا، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.