جەلال محەممەد: یەکڕیزی و یەکدەنگی رێگری لە نییەتی دووژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکات

جەلال محەممەد
جەلال محەممەد

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنفالەوە تا برسیکردنی ئەم میللـەتە، عێراق هەموو رێکارێکی نامرۆڤانە لە دژی کورد گرتووەتەبەر و بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، دەکرێت رێگری لە نییەتی دووژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بکرێت.

رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) جەلال محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەوەتەی چارەنووسی ئێمە بەم وڵاتەوەگرێدراوە، رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە بەرگی جیاواز و بە عەقڵییەتی جیاواز بە هەموو شێوەیەک یەکبوون و کۆکبوون بۆ رشتنی رقی خۆیان بە میللـەتی کورد و کوردستانیان".

جەلال محەممەد نووسیویەتی، "لە ئەنفالەوە تا برسیکردنی ئەم میللـەتە هەموو رێکارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەیان گرتەبەر و بەردەوامن لە دژایەتیکردنی ئیرادەی میللـەتێکی ستەمدیدە، بەڵام ئیرادەی میللـەتی کورد بەدڵنیاییەوە سەردەکەوێت".

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووژمنانی میللـەتەکەمان سەرئەنجام دەکەونە زبڵدانی مێژووەوە، بۆیە یەکڕێزی و یەکدەنگی میللـەتەکەمان تاکە رێگەیە بۆ رێگری لە نییەتی دووژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا.

پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەر بەناو سیاسییەک بەهۆی رەخنەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەوە لەلایەن چەند حزبێکەوە، داوای رووخانی وڵاتەکەی بکات، ئەوا نەزانی سیاسییە و بە خۆفرۆش وەسفیان دەکات.

سیروان بابان، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کە دواتر وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کاری پەرلەمانی خۆی دەکرد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی نووسیوە و نموونە بە ئەزموونی داگیرکردنی وڵاتی کوەیت دەهێنێتەوە و دەڵێت، ئەوانەی داوای رووخاندنی وڵاتەکەیان دەکەن وەک ئەو ئەفسەرە کویتییەن کە نامەی بۆ سەدام حوسێن، سەرۆکی لەناوچووی عێراق نووسی تا وڵاتەکەی داگیربکات و ئەو داواکارییەشەی بە نەزانی سیاسیی وەسفکردووە.

سیروان بابان ئاماژەی بەوەکردووە، بەغدا هێواش هێواش قفڵی بێ کلیلی لە زۆربەی جومگەکانی کوردستان داوە و شەڕێكی بەوەکالەتە بۆ ئێرانی دەكات و ناتەبایی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشی کردووەتە دەرفەت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، "لەم کاتەدا سەروەریی وڵات لە مانەوەی حزبەکان گرنگتر و پیرۆزترە و رەخنەمان هەرچی بێت لە ئیدارەدانی وڵات كاتی تەنگانە و بوونی پیلانی تێكدەرانە، هیچ نەبێت دەكرێت راستیەكانمان لەبەر چاو بێت".

لەبارەی هەڵوێستی بەغداشەوە، سیروان بابان روونیکردووەتەوە، لە عێراقدا عەقڵییەتێکی خۆبەزلزان هەیە کە پێی وایە لە پێش و دوای هەموو شۆڕشەکان، "خۆیان براگەورەن و نابێت تۆ بەبێ ئەو هەبیت یان پێشبکەویت".

ئەم هەڵوێستەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان لە کاتێکدایە، کە پێشتر ژمارەیەک لە لایەنی سیاسی و پەرلەمانتارانی پێشووی ئەو لایەنانە، داوای رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە بەغدا دەکرد و ئێستاش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی یاسا و رێککەوتنەکان بەرامبەر بەغدا ئەنجامداوە و حکومەتی عێراقیش تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی فیدراڵی رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵام ئەو لایەن و پەرلەمانتارانە بێدەنگ بوون و بەرگری لە قوت و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.

هاوکات بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، لەماوەی رابردوو هەندێک لایەن و کەس گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنە دەرفەتێک بۆ بانگەشەکردن بۆ لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەموو هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرگری کردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە (7ـی ئەیلوولی 2023) جەختی لە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات  بەدەست هاتوون".

رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، "یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی".

رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".