6 كەس لە ورمێ لە سێدارە دران

له‌ ساڵی 2016دا له‌ ئێران نزیكه‌ی 260 كه‌س له‌ سێداره‌دران

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە لە گرتووخانەی ناوەندی ورمێ 6 كەس لەسێدارەدران و بەم شێوەیە ژمارەی لەسێدارەدان لە ساڵی 2016 لە ئێران گەیشتە 260 كەس.

ھەواڵدەری ھێرانا بڵاوی كردەوە ئەو زیندانیانە دوێنێ خراونەتە ژووری تاكەكەسی و كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە تۆمەتی پەیوەندی بە مادەی ھۆشبەر لەناو زیندان لەسێدارە دراون.

بە پێی ھێرانا، بەم شێوەیە لە ساڵی 2016 لە ئێران ھەر رۆژێك پتر لە یەك كەس لەسێدارە دراوە.

زۆربەی لەسێدارەدانەكان بەھۆی مادەی ھۆشبەرە و تا ئێستاش ھەوڵەكان بۆ گۆڕینی سزای لەسێدارەدان لە ئێران لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێ ئەنجام ماوەتەوە.

دوای مادەی ھۆشبەر، كوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەدانی ھەیە.