لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارانی کورد لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ فشار خستنە سەر، حکومەتی فیدراڵی بە مەبەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023)، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، لەنێو هۆلی پەرلەمانی عێراق لەژێر چاودێری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خەریكی كۆكردنەوەی واژۆن بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەپەلە رێكاری پێویست بگرێتەبەر و فشار لە حكومەتی فیدراڵی بكات بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان و هەندێك لە فراكسیۆنە عێراقییەكان واژۆیانكردووە و تا ئێستاش 96 واژۆیان كۆكردووەتەوە.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە کوردەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "دڵنایی دەدەین هەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆرانمان دەكەین و دڵنیاش بن ئەم دۆخە خراپە بەمشێوازە بەردەوام نابێت".

رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هەروەها رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".

0
0
0
0
0
0
0