ئەمەریکا سزای بەسەر سەرۆکی کۆڵۆمبیا سەپاند
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و خێزانەکەیدا سەپاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی کۆکاین لە وڵاتەکەیدا. لە بەرامبەردا، پێترۆ جەختی کردەوە "یەک هەنگاو پاشەکشە ناکات و هەرگیز چۆک دانادات".
پێترۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە خۆی، هاوسەرەکەی و منداڵەکانی خراونەتە لیستی سزاکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی: "دوای دەیان ساڵ لە شەڕی کاریگەر دژی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، حکوومەتێک پاداشتم دەکاتەوە کە زۆر یارمەتیدەرمان بووە لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی کۆکاین. چەندە گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە."
بەڵام قسەکانی بە جەختکردنەوە کۆتایی پێهێنا و گوتی: "یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەم و هەرگیز چۆک دانادەم،" و ئاماژەی بەوەشکرد پارێزەرە ئەمەریکییەکەی، دان کۆڤالیک، بەرگری لێدەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا سەپاندنی سزاکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەرهەمهێنانی کۆکاین لە کۆڵۆمبیا لە سەردەمی دەسەڵاتی پێترۆدا ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.
ئەم بڕیارە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بۆگۆتا دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێترۆ لە 16ـی ئەیلوولدا ڕەخنەی توندی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمەریکا گرت بۆ لەناوبردنی بەلەمێک و بە "کوشتن و پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" وەسفی کرد.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی ئەمەریکا هەڕەشەی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ کۆڵۆمبیا کرد و داوای لە پێترۆ کرد دەستبەجێ ڕێگری لە بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بکات، ئەگەرنا ڕووبەڕووی دەرەنجامی توندتر دەبێتەوە.
