وەزارەتی ژینگە: رووباری دیجلە بەهۆی پاشماوەکانەوە بووەتە زەلکاو

.
.

K24 - هەولێر

وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی رووباری دیجلە دوای کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و دەرچوونی بڕێکی زۆر ئاوی پیس بەبێ چارەسەرکردن.

حەیدەر یوسف مەحمود، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، کە بۆرییەکانی ئاوی قورس لە بەغدا راستەوخۆ پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە ناو رووباری دیجلەوە و دەیکەنە زەلکاوێک کە بە ئاوی پیس، پیس بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاوی پاشماوە بەبێ چارەسەر دەردەچێت، یان لەوانەیە تا %50، چارەسەر بکرێت، بەهۆی شکانی بۆرییەکان، دەشڵێت: بێ ئەوەی ئاماژە بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بکەین لە پایتەخت، چونکە یەکەکانی چارەسەرکردن فشارێکی زۆریان لەسەرە.

مەحمود راشیگەیاند، کە رووباری دیجلە بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاو خەریکە وشک دەبێت، هەربۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر خێرایی رۆیشتنی رووبارەکە و وەستانی ماددە پیسبووەکان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە رێگەی تیمەکانیەوە رێژەی پیسبوونی رووبارەکە پێوانە دەکات، کە بەگوێرەی ماددە هەڵواسراوەکان و قورسەکان و جۆری ئەو ئاوەی فڕێدراوە بۆ ناو ڕووبارەکە دەگۆڕێت، چونکە بەهۆی پیسبوونی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت و ئاوەکەی نەگونجاوە بۆ بەکارهێنان.

ئەوبەرپرسە باسی لەوەشکرد، بڕی ئەو ئاوە پیسەی کە رۆژانە دەچیتە ناو رووباری دیجلەوە، لە نێوان 500 بۆ یەک ملیۆن مەتر سێجایە ، ئەم بڕەش گەورەیە و بە تەواوی چارەسەر نەکراوە، بۆیە داوای دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیژی دەکەین، بۆ دامەزراندنی وێستگەی چارەسەر بەپێی بەرزترین ستاندارد و  هەوڵەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بۆ باشترکردنی دەرچوونی ئاو.

لەلای خۆیەوە پسپۆڕی ژینگەیی حەیدەر محەممەد عەبدولحەمید رایگەیاند، کە ژمارەیەک هۆکار هەیە لەپشت پیسبوونی رووباری دیجلە، لەوانە بڵاوبوونەوەی گەڕەکە هەژارەکان، جگە لە کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاو و زیادبوونی ماددە پیسە جۆراوجۆرەکان، جا راستەوخۆ لە ئاوی پیس یان پیسبوونی نەخۆشخانەوە بێت، کە دووەمیان مەترسیدارترینن بەهۆی ئەو ماددە زیانبەخشانەی کە هەڵیانگرتووە.