پوتن: دەمانەوێت لەڕووی مرۆییەوە هاوکاری کۆریای باکوور بکەین

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پابەبدن بەو مەرج و سزایانەوە کە بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ کۆریای باکوور دانراون، بەڵام دەیانەوێت لەرووی مرۆییەوە هاوکاری ئەو ڵاتە بکەن.

سەرۆکی رووسیا راشیگەیاند: بێگومان هەندێ مەرج و سزا هەن بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ کۆریای باکوور کە ئێمە پابەندین پێیانەوە.

گوتیشی: شتانێکی دیکە هەن کە ئێمە گرنگی پێبدەین و قسەیان لەسەر بکەین، رووسیا وڵاتێکە پشت بەخۆی دەبەستێت، بەڵام لەچوارچێوەی یاساکاندا دەرفەت لەنێوان ئێمە و کۆریای باکوور هەیە.

پوتن ئەوەی خستەڕوو، کە دەیانەوێت لەڕووی مرۆییەوە هاوکاری کۆریای باکوور بکەن.

کیم جۆنگ ئون بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن بە شەمەندەفەرەکەی لە کۆریای باکوورەوە چووە رووسیا و ئەمڕۆ لەوێ سەردانی بەشێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی دەکات کە سەر بە وەزارەتی بەرگری رووسیان.

دوایین سەردانی کیم جۆنگ ئون بۆ لای پوتن، چوار ساڵ لەمەوبەر بوو، کۆبوونەوەی جاری رابردوویان تەنیا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بابەتی دیبلۆماسی بوو، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەکە ئامانجی دیکەی هەیە.

کۆریای باکوور لەدوای 1953ـەوە بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە، بەڵام یەکێکە لە پڕچەکترین وڵاتانی جیهان و بە نەیارێکی سەرەکی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دادەنرێت.

بە گوێرەی هەواڵێكی نیویۆرک تایمس، رووسیا چاوی لە چەک و تەقەمەنییەکانی کۆریای باکوورە و لەبەرانبەریشدا، کۆریای باکوور دەیەوێت سوود لەو تەکنەلۆجیایانە وەربگرێت کە رووسیا لە ژێردەریاییە سەربازییەکاندا و لە مانگە دەستکردەکاندا بەکاریاندەهێنێت.