ڤیان سەبری: پێموایە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەکەن
K24 - هەولێر:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، دەڵێت: پێموایە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەکەن.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم قۆناغە، قۆناغێكی زۆر هەستیارە و کێشە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دروستبووە، بەتایبەتی لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاساکەدا جێگیرکراوە.
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەشدا، گەشبینن بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری. گوتیشی: بەهێزی ئێمە لە یەکبووندایە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، دڵنیان لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە، گوتیشی: پێموایە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەکەن.
شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ گەیشتنە بەغدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستیپێکردووە.