رووماڵ

کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ سوودانی کۆتاییهات "هەواڵی خۆش هەیە"

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆتاییهات "هەواڵی خۆش هەیە".

ئەندامێکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرێنی بوو، هەواڵی خۆش هەیە و بەبێ ئەنجام ناگەڕێینەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/9/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا، لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

بڕیاریشە لەگەڵ هەر یەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە.

دوای گەیشتنیان بۆ بەغدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".