کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی کۆتاییهات
K24 – هەولێر:
کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات.
نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیان لەسەر ناردنی شایستە داراییەکان و جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنجشەممە، پێشوازی کرد لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریان.
لە دیدارەکە تاوتوێی بارودۆخی سیاسی وڵات و کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرا، جەختیش کرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنیان و زامنکردنی موچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی ئەرێنی بووە و "هەواڵی خۆش هەیە".
دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت گەیشتە بەغدا.
شاندەکە لەلایەن ئەحمەد مبەرقەع، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.