سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد پاڵپشتی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و خەمیس خەنجەر
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و خەمیس خەنجەر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، رایگەیاند، داوام کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پاڵپشتی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم بن.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، "لە درێژەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەڕێزان خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی عێراقی، ئەیاد عەللاوی ، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، داوام کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پاڵپشتی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم بن".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، داوایانکردووە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک هاووڵاتییانی دیکەی عێراق، مافەکانیان پێ بدرێت و پارێزراو بێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت و پاڵپشتی رێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بن.