کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ قەیس خەزعەلی دەستیپێکرد
K24 – هەولێر:
کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسایب ئەهل حەق، دەستیپێکرد.
نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بارەگای بزووتنەوەی عەسایب ئەهل حەق و لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەکە کۆبوونەوەیان دەستپێکرد.
ئهمڕۆ (پێنجشهممه 14ـی ئهیلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گهیشته بهغدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دهستپێكرد.
دوای گهیشتنی شاندهكه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
