رووسیا 7 درۆنی ئۆکرانیای تێکشکاند

K24 - هەولێر

رووسیا تێکشکاندنی حەوت درۆنی ئۆکرانی لە نزیک مۆسکۆ و نیمچە دوورگەی کریمیا راگەیاند.

وەزارەتی بەرگری رووسیا لە پێگەی خۆی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان حەوت درۆنی ئۆکرانیایان لە نزیکی شاری مۆسکۆی پایتەخت و نیمچەدوورگەی کریمیا تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا روونیکردووەتەوە، کاتژمێری یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنییان لە ناوچەی ئیسترێنسکی نزیکی مۆسکۆ تێکشکاندووە، بەبێ ئەوەی تێکشکاندنی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێنج درۆنی دیکەیان لە باکووری رۆژئاوای نیمچە دوورگەی کریمیا تێکشکاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەیەکە رووسیا و ئۆکرانیا، هێرشی درۆنیان بۆ سەر یەکتر دەستپێکردووە، هەندێک جاریش لەناو شارەکان لە رێگەی درۆنەوە ئامانجەکان دەپێکن.

لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، لەوکاتەوە جەنگ لەنێوان ئەو وڵاتە بەرەدەوامە و لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر تەواوی جیهان.