خالید شوانی: گەشبینین حکومەتی عێراق بڕیاری دڵخۆشکەر لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دادی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، گەشبینن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕیارێکی دڵخۆشکەر لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات. دەشڵێت، "لایەنە سیاسییەکانی عێراق لاریان نییە لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکان".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات؛ کۆبوونەوەکە چەند رۆژێک پێش خراوە، بەهۆی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا".

بە گوتەی وەزیری دادی عێراق: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت دەکرێت؛ لەنێویاندا ئەو پێشنیازانەی لەلایەن شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کراون بۆ رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

خالید شوانی ئاماژەی بەوەش کرد، "گەشبینم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دڵخۆشکەر لەبارەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربکات؛ چەند رۆژێکە لە گفتوگۆداین لەگەڵ سەرجەم وەزیر و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، پێموایە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت".

وەکو ئەوەی وەزیری دادی عێراق باسی کرد، "هەر چەندە بڕیاری رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها بەدەست سەرۆکوەزیرانی عێراق نییە و پێویستە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەر بدەن؛ بەڵام پێموایە زۆرینەیان لەسەر رەوانەکردنی شایستە داراییەکان کۆکن".

بەیانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی به‌غدای کرد.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە (لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ؛عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی حیکمەی نیشتمانی؛ ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە؛ عەلی خەز عەلی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق و فاڵح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) کۆبووەوە.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئەنجامی سه‌ردانەکەی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو؛ یه‌كێكیان درێژخایه‌ن‌ و ئه‌وی دیکەشیان كورتخایه‌نه‌.

پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا،‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن؛ سه‌باره‌ت بە پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كەش‌، گوتی، "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت" و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.