سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات

هەڵەبجە
هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە و دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەش یەکێکە لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە.

ئه‌مڕۆ (یەکشەممە 12ـی ئه‌یلوولی 2023) پەرلەمانی عێراق كارنامه‌ی دانیشتنی ژماره‌ (15)ـی رۆژی دووشەممە (18ـی ئه‌یلوولی 2023)ـی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی کارنامەکە، بڕگه‌ی دووه‌م تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای هێنانه‌كایه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.

وابڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە بدات، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) دواخرا.

پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و  دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بە مەبەستی پەسەندکردن.

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە، کە ئاماژە بەوە دەکات، هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـەیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە.

لە پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بە پاریزگابوونی هەڵەبجە.

رۆژی یەکشەممە (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.

بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق
پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە
پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە
Fly Erbil Advertisment