ئومێد خۆشناو: زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە شەوی دروستبوونی لافاوەکەوە لەسەر هێڵ بووە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەموو زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە و هەر کەس و پرۆژەیەکیش هۆکاری دروستبوونی لافاو بووبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 07:00ـی کوردستان24 رایگەیاند: "لە شەوی دروستبوونی لافاوەکەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە. وێرای دەستخۆشیکردن لە تیمەکان، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سەرجەم کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە شاری هەولێر 80 ملم باران باریوە و لە هەندێک ناوچەش گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ملم.
دەشڵێت: "لە دوای ئەو پلانەی لە ساڵی 2021 بۆ رێگریکردن لە لافاو دانرا، تا ئێستا ٪30ـی جێبەجێکراوە و ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی کراون، بەشەکەی دیکەشی بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست نەکراوە؛ بەڵام دڵنیایین ئەگەر ئەو پرۆژانە نەبووانایە زیانەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوون."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئێستای لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناوبراو گوتی: "لێژنەی تایبەت پێکهێندراوە؛ لە قۆناغی پاککردنەوە و سەرژمێریکردنداین، دەستبەجێ دوای تەواوبوونی، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکان دەستپێدەکات. هەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان هەر کەسێک هۆکاری لافاوەکە بووبێت، رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بۆ رای گشتیی ئاشکرای دەکەین."
ئومێد خۆشناو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "هەر هاووڵاتییەک زەرەرمەند بووبێت قەرەبوو دەکرێتەوە. هەروەها لە رێگەی راپۆرتێکی تێروتەسەلەوە داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە لە بودجەی فریاگوزاری هاوکاریی زیانلێکەوتووان بکات، کە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش کراوە."
دەربارەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە: "بەیانییان لە کاتژمێر 07:00 تا 09:00 دیاریکراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پێش چوونە سەر کار و دەوام کارەکانیان لە ماڵەوە رابپەڕێنن، هەروەها لە کاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 01:00ـی شەو کارپێکردنی موەلیدەکان ئیجبارییە. ئەم خشتەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە."
سەبارەت بە دابەشکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی سەرما، ئومێد خۆشناو گوتی: "ئامادەکارییەکانمان دەستپێکردووە و بڕیارە حکوومەتی فیدراڵ 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرێت؛ هەر کاتێک بڕەکە گەیشت، بەپێی پلانی لەپێشینە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان و دواتر لە ئیدارە سەربەخۆکان و سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و سەبارەت بە قەرەباڵخیی شەقامی هەولێر - پیرمام، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد: "دیزاینی شەقامەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە و چەندین بەرزەپرد و سوورانەوە لەخۆدەگرێت؛ هەر کاتێک بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت، دەستبەجێ دەست بە دروستکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکرێت."