فوئاد حوسێن و عه‌بدوڵڵاهیان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و تاران له نیویۆرك تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له نیویۆرك له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی تاووتوێی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان به‌غدا و تاران ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 19ـی ئه‌یلوولی 2023) فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له په‌راوێزی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌كانی خولی 78ـه‌مینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له شاری نیویۆرك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌گه‌ڵ حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وەی ئێران كۆبووه‌وه و هه‌ردوولا تاووتوێی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان به‌غدا و تاران و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیداریان كرد.
له‌لای خۆیه‌وه عه‌بدوڵڵاهیان سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی بۆ تاران له هه‌فته‌ی رابردوو به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌ت كه جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان هه‌دوولای لێ كه‌وته‌وه و حكومه‌تی عێراق به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه رێككاره پێویسته‌كانی گرته‌به‌ر.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ئازادكردنی پێنج هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به ئازادكردنی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران كرا، كه بڕی شه‌ش ملیار دۆلار بوو له‌لای كۆریای باكوور هه‌ڵگیرابوو.
هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئێران هاوكات به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یان په‌یوه‌ست كرد به گفتوگۆكردنی بارودۆخی ئه‌منی و سیاسی و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه نوێیه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌قامگیری ناوچه‌كه كرده‌وه.