78ـمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستپێکرد

K24 - هەولێر:

نەتەوە یەکگرتووەکان 78ـمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ساڵانەی لە ویلایه‌تی نیویۆرکی ئەمریکا دەستپێکردو و بڕیار وایە کۆبوونەوەکە تا 29ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

جگە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە قەیرانی ئۆکرانیا و هەناردەکردنه‌وه‌ی دانەوێڵەی ئۆکرانیایە لە دەریای رەش.

یەکێتی ئەوروپا، رووسیا بە هۆکاری برسیەتی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهان ده‌زانێت و فەرەنساش جەخت لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، لە رێگەی وڵاتەکەیەوە بۆ جیهان دەکاتەوە .

زیاتر لە 140 سەرۆک و سەرکردە و نوێنەری وڵاتان نەتەوە یەکگرتووەکان 78 ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ساڵانەی لە نیویۆرکی ئەمریکا دەستپێکرد.

بڕیارە لە دانیشتنەکاندا، چەندین بابەتی پەیوەست بەو قەیرانە هەنووکەییانەی بەرۆکی جیهانی گرتووە، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگه‌یاند، "رووسیا بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی رێگەکانی هەناردەکردن، کارگە، ژێرخان و بەرهەمەکانی کشتوکاڵ، ئەمەش کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر جیهان هەیە".

گوتیشی: "کاتێک رێگری لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکرێت، کۆگاکانی دانەوێڵە بۆمبەباران و وێران دەکەیت، ئەوا تۆ برسیەتی لە جیهان درووست دەکەیت، پوتن راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر پێداویستی خوراکی و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەسەرانسەری جیهان و رووبەڕووی کەمی خۆراک دەبینەوە، ئەمەش دەرەنجامی راستەوخۆی هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئۆکرانیایە."

فەرەنساش جەخت لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، لە رێگەی وڵاتەکەیەوە بۆ جیهان دەکاتەوە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت،  ئەم جەنگەی رووسیا هەڵیبژاردووە، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا.

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "فەرەنسا دانەوێڵەی ئۆکرانیا، نایجیریا و سودان دەگەیه‌نێته‌ وڵاتانی دیکە، کە رووسیا هەوڵدەدات ئەو کەسانەی پێویستییان بەو دانەوێڵەیە هەیە بێ بەشبن لێی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی دۆخیان هەستیارترە".

 کۆلۆنا هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئەم جەنگەی رووسیا هەڵیبژاردووە، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی بەکۆمەڵی ئێمە. ئەم دەست درێژییە پێشێلکردنی بنەما هەرە سەرەکییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

سەرەڕای هەڕەشەکانی رووسیا بۆ کردنە ئامانجی کەشتییەکانی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای رەش و هەڵپەساردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی دەریای رەش، ئۆلیکساندەر کوبراکۆڤ، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا  رایگه‌یاند، بۆ یەکەم جار کەشتییەکی هەڵگری دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای رەش کەوتەرێ.